بابه‌ته‌كانی بيناسازی

 

 


 

ئەم جۆرە كۆنكريتە كە پێى دەڵێن (Self Compact Concrete) يان (Self Consolidation Concrete) كە كورت كراوەتەوە بۆ هێماى (SCC)، يەكێكە لە جۆرە باشەكانى كۆنكريت كە لە دواى ساڵانى ١٩٩٠ ەوە پەرەى پێدراوە، ۆركابيليتيەكى زۆر بەرزى هەيە بەوەى دەتوانێت بە ئاسانى بچێتە ناو قاڵبەكانەوە بە بێ ئەوەى هيچ جۆرە كوتانەوەيەكى ميكانيكى (هەزاز) ى پێويست بێت.

ئەم كۆنكريتە كەمتر تووشى سيگريگەيشن دەبێت بە بەراوورد بە جۆرەكانى ترى كۆنكريت چونكە بە تەواوى پێكهاتەكانى دەچنە پاڵ پەكترى لە ژێر كاريگەرى وەزنى كۆنكريتەكە خۆى، بەمەش كەمترين بۆشايى هەواي قەتيسماوى تێدا دەبێت و چڕيەكى باشتر و توانايەكى بەهێز ترى دەبێت و بە تەواوى دەگاتە ئەو ڕادەيەى كە توانا و هێزەكەى وەك ئەوە بێت كە پێشبينى دەكرێت لە پێش دروستكردنى،بە گشتى بۆ دروست كردنى دەبێ چەندان جۆر مەوادى زیادکراو (Adminxture Material) ى تێدەکرێت بۆ باشتر کردنى چوستى تێکەڵاوەکە، بە گشتى سوپەر پلاستیسایزەر و چارەسەرکەرى لینجى (Viscosity Modifier) زیاد دەکرێت بۆ تێکەڵاوى کۆنکریتەکە لەبەر ئەم هۆکارانەیەکە تێکەڵەیەکى باش دیزاین کراوى ئەم جۆرە کۆنکریتە بە هیچ شێوەیەک سیگریگەیشن ناکات، ئەم جۆرە کۆنکریتە یەکێکە لەو جۆرە کۆنکریتانەى کە شلیەکى ئێجگار بەرز بە تێکەڵاوەکە دیارە بۆیە دەتوانێت بە ئاسانى بە نێوان تەسکەکانى شیشبەندە چڕوپڕەکان دا تێپەڕ بێت، هەندێ جار لەبەر هەندێ سنوور کە بۆ ئەندازیارى دیزاینەرى بڕگە کۆنکریتیەکان دادەنرێت کە ئەمەش وا دەکات ئەو شیشبەندەى کە بۆ بڕگەکە دروست دەکرێت ئێجگا چڕو پڕ (Congest) بێت، لەبەر ئەمە کۆنکریتى ئاسایى ناتوانێ بەم نێوانە تەسکانە تێپەڕ بێت و هەروەها ناتوانرێت ئامێرى هەزاز بگەیەنرێت ناو کۆنکریتە هەتا ئەگەر بەشێکى کۆنکریتەکە بتوانێ تێپەڕبێت، بۆیە ئەم جۆرە کۆنکریتە داهێنرا کە بتوانآ بە ئاسانى بە نێوانە تەسکەکان تێپەڕ بێت و بتوانێ بە ئاسانى قاڵبەکان پڕ بکات، لە ژێر بارستایى خۆى دەتوانێ خۆى بکوتێتەوە و بە هیچ شێوەیەک گیرفانى بڵقى هەواى قەتیس ماوى تێدا دروست نابێت بۆیە پێویستى بە کوتانەوەى هەزاز (میکانیکى) نیە.

 
سوودەكانى بە بەراوورد بە جۆرەکانى ترى کۆنکریت لەوانە:

١- کارى بەڕێوەچوونى پڕۆژە خێرادەکات.

٢- کاتێکى کەمترى پێویستە تا دەکرێتە ناو قاڵب.

٣-کرێکارى کەم دەبێت و كەمتر پێوستى بە كرێكارى شارەزا هەيە.

٤-کەمتر دەبێت هۆى تێکدانى پەمپ و ئامێرەکانى تر.

٥- دەتوانێ بۆ هەموو جۆرە شیش بەندێک (Rebar Cage) بەکاربهێنرێت.

٦- ئاسانتر بە هۆى پەمپەکانەوە هەڵدەدرێت بۆ ناو قاڵبەکان.

٧- ڕوویەکى تەواو ساف و لووسى هەیە دواى کارە کۆتاکانى کۆنکریت کردن (Finishing).

٨- هیچ جۆرە کوتانەوەیەکى پێویست نیە.

٩- بەهێز ترە لە چاو جۆرەکانى ترى کۆنکریت لە ڕووى (Strength) و (Durability) یەوە.

١٠- دەتوانرێت ديزاينى ناوازەى تەلارسازى پێدروست بكرێت بەهۆى ئەوەى بە ئاسانى دەچێتە ناو قاڵبەكان.

١١-ڕوويەكى ساف و ڕێكى دەبێت هەروەها لە ڕووى ڕەنگيشەوە چونيەك دەبێت.

١٢- بە گشتى ژاوەژاوى كەمتر دروست دەبێت لەكاتى كاركردن بە هۆى كارنەكردنى ئامێرى هەزازەكان.

 

ئەو خاڵانەى كە كاردەكەنە سەر چوستى ئەم جۆرە كۆنكريتە:

١- كەش و هەواى گەرم.

٢- هەڵدانى بە هۆى پەمپەوە بۆ دوورى زۆر كە ڕەنگە ببێتە هۆى كەم بوونەوەى (Flowability).

٣- درەنگ گەيشتنى ميكسەر بۆ سەر پڕۆژە.

٤- زياد تێكردنى ئاو لەسەر پڕۆژە.

ئەو خاڵانەى كە دەبێت ئاگاداريان بين:

١- بەرهەم هێنانى ئەم جۆرە كۆنكريتە تێچوويەكى زۆرى دەوێت لە چاو جۆرە ئاساييەكانى كۆنكريت، وە دەبێت بە وريايەوە بڕياڕى بەكارهێنانى بدرێت.

٢- دەبێت قاڵبەكان تەواو پتەو بن بۆ ئەوەى بەرگەى پەستانى ئەم كۆنكريتە بگرن چونكە ئەم كۆنكريت بە تەواوى شلە و پەستانەكەى زۆر لە پەستانى ئاو دەچێت، بە تايبەت لاكانى قاڵبەكان كە دەبێت بە باشى جێگير بكرێن.

٣- بەرهەم هێنانى ئەم كۆنكريتە دەبێت كەسانى شارەزا كاربكەن و لانى كەم ئەزمونى چەند ساڵێك كاركردنيان هەبێت لەم بوارە.

ئەم پشكنينانەى كە بۆ ئەم جۆرە كۆنكريتە ئەنجام دەدرێن:

١- پشكنينى (Slump Flow Test):

 ئەم پشكنينە بەكاردێت بۆ دۆزينەوەى فلۆى كۆنكريتەكە و (Filing Ability) ى كۆنكريتەكە، و هەژماركردنى (T500) ئەگەر بەربەست نەبێت لەبەر دەم كۆنكريتەكە.

٢- پشكنينى (V-funnel Test):

 ئەم پشكنينە بەكاردێت بۆ دۆزينەوەى (Filing Ability) ى كۆنكريتەكە و خێرايى تێپەڕينى كۆنكريتەكە بە ناو ڕێڕەوە تەسكەكانى شيش بەندەكان.

٣- پشكنينى (L-Box Test):

ئەم پشكنينە بەكاردێت بۆ دۆزينەوەى تواناى تێپەڕبون بە ناو بەربەست و شيش بەندە چڕوپڕەكان كە پێى دەڵێن (Passing Ability).

٤- پشكنينى (U-Box Test):

ئەم پشكنينە بە هەمان شێوە بەكاردێت بۆ دۆزينەوەى تواناى تێپەڕبون بە ناو بەربەست و شيش بەندە چڕوپڕەكان كە پێى دەڵێن (Passing Ability)، ئەم پشكنينە زياتر لە ژاپۆن و ستانداردى ژاپۆنى بەكاردێت.

٥- پشكنينى (J-Ring Test):

ئەم پشكنينە بە هەمان شێوە بەكاردێت بۆ دۆزينەوەى تواناى تێپەڕبون بە ناو بەربەست و شيش بەندە چڕوپڕەكان كە پێى دەڵێن (Passing Ability) و هەژماركردنى (T500) ئەگەر بەربەست هەبێت لەبەر دەم كۆنكريتەكە هاوشێوەى شيش بەند.

٦- پشكنينى (Sieve Segregation Test):

ئەم پشكنينە بەكاردێت بۆ دۆزينەوەى ڕێژەى دروست بوونى سيگريگەيشن لە كۆنكريتەكە.

ئەم ڤيديۆيە نمونەيەكى بەكارهێنانى كۆنكريتى خۆكوتەرەوە (Self Compact Concrete) پيشاندەدات:


ئامادەكارى بابەت:

بەڵێن زرار عبدالصمد

 

 

 

 


 

لەوانەيە حەز بە خوێندنەوەى ئەم بابەتەش بكەيت لە بوارى "كۆنكريت و بيناسازى"

پاودەرى ئەلەمنيوم و كۆنكريت
پاودەرى ئەلەمنيوم و كۆنكريت

ئەم بابەتە بە شيوەى تويژينەوە ئەنجام دراوە لە زانكۆى كۆيە كە تيكەل كردنى ريژەيەكى پاودەرى (....)

زياتر بخوێنەوە ...
پۆلين كردنى خشت
پۆلين كردنى خشت

ئەم بابەتە دەربارەى پۆلين كردنى خشتە كە بەسەر سێ پۆلدا پۆلێن كراوە و شێوازى بەكارهێنانى ڕوون كراوەتەوە (...)

زياتر بخوێنەوە ...
خاڵە لاوازەكانى كۆنكريت
خاڵە لاوازەكانى كۆنكريت

كۆنكريت وەك هەر ماددەيەكى تر كومەڵێ خاڵى لاوازى هەيە كە هەندێ جار وا دەكەن ماددەى تر لە جياتى ...

زياتر بخوێنەوە ...
شیشبه‌ستنى سەقف بە (Cut off)
 شیشبه‌ستنى سەقف بە  (Cut off)

ىئه‌م بابه‌ته‌ باس له‌ به‌ستنی شیش ی سه‌قف به‌ شیوه‌ی Cut off ده‌كات ، چون ئه‌م شيوازه‌ داده‌ريژيت (...)

زياتر بخوێنەوە ...
هه‌زه‌ كردنی كۆنكریت
هه‌زه‌ كردنی كۆنكریت

كۆنكريتی ئاسايی پيويستی به‌ هه‌زه‌ كردنه‌ بۆ نه‌هيشتنی سيگريگه‌يشن و هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنی (....)

زياتر بخوێنەوە ...
كۆبیاكس
كۆبیاكس

كۆبیاكس ماددەیەكی پلاستیكیە بەكاردێت لە نێوان دوو چین تۆڕ شیشی سەقف بەمەبەستی (...)

زياتر بخوێنەوە ...

 

S5 Box